FGM in Kirkuk

by

خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌كه‌ركوك

ئا: فه‌لاح مرادخان شاكه‌ره‌م*

به‌پێی راپرسییه‌كی سه‌ره‌تایی سه‌نته‌ری PANA به‌هاوكاری رێكخراوی WADI ئه‌ڵمانی 41% ژنان له‌كه‌ركوك خه‌ته‌نه‌كراون

به‌پێی نه‌ته‌وه‌كان كورد 60% عه‌ره‌ب 1.7% توركمان 0%

چه‌ند ساڵێكه‌ شێواندنی كۆئه‌ندامی زاوزێی مێینه‌ (خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌) بۆته‌ بابه‌تێكی سه‌ره‌كی كاره‌كانمان، له‌و ماوه‌یه‌دا توانیمان گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسی دیارده‌كه‌‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجامبده‌ین، كاریگه‌ری هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رفراوان بوو توانرا له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و تابۆو شه‌رمه‌ بشكێنرێت كه‌ له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ بوونیادنراوه‌و له‌ئێسته‌شدا چه‌ندین رێكخراوو ده‌زگای حكومی‌و راگه‌یاندن كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌كه‌ن به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له‌مانگی شه‌شی 2010 رێكخراوی HRW راپۆرتێكی تایبه‌تیان له‌سه‌ر خه‌ته‌نه‌كردن بڵاوكرده‌وه‌، له‌ده‌رئه‌نجامدا له‌25 نۆڤه‌مبه‌ردا بۆ یه‌كه‌مجار سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران د.به‌رهه‌م له‌لێدوانێكدا به‌ناوی حكومه‌ته‌وه‌ پشتگیری خۆیانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ راگه‌یاند‌و له‌مانگی 11 ئه‌م ساڵدا یه‌كه‌م روپێوی فه‌رمی بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند دكتۆرێكه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ بۆ 5112 مێینه‌ له‌هه‌رێمی كوردستانداو له‌ڕێی پشكنینه‌وه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ 41% به‌شداربووان خه‌ته‌نه‌كراون، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی تاقه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی كه‌ له‌2010 له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌ی ئێمه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ له‌كۆی 1408 ژن له‌سلێمانی‌و هه‌ولێر‌و گه‌رمیان 72.2% یان خه‌ته‌نه‌كراون‌و له‌خوار ته‌مه‌نی 20 ساڵی رێژه‌كه‌ 57% له‌سه‌رو 8 ساڵیه‌وه‌ 95.7%.

خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق

له‌ماوه‌ی كاركردنمان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ چه‌ندینجار گوێبیستی ئه‌وه‌بوین كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ كه‌لتورێكی ره‌سه‌نی كوردی نییه‌‌و كورد له‌كه‌لتوری عه‌ره‌بی “ئیسلامیه‌وه‌” وه‌ریانگرتوه‌، ئه‌م جۆره‌ لێدوان‌و قسانه‌ به‌به‌رده‌وامی جێی پرسیار بوون‌و دڵنیان له‌وه‌ی هیچ كه‌سێك له‌كوردستاندا نكۆڵی له‌م لێدوانه‌ ناكات، به‌ڵام كاتێك ئه‌م پرسیاره‌ ئاراسته‌ی زۆربه‌ی دانیشتوانی دیكه‌ی عێراق ئه‌كه‌یته‌وه‌ ئه‌وان پشتڕاستی ناكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌ ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ن له‌كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا هه‌یه‌ كه‌ “ئاین –مه‌زهه‌بی شافعی” كه‌لتوری كۆمه‌ڵایه‌تی یان داب‌ونه‌ریتی رۆژهه‌ڵاتی‌و خێڵایه‌تی سه‌ره‌كی ترینیانن، به‌ڵام ره‌نگه‌ به‌هۆی نا سه‌قامگیری بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌م جۆره‌ پرسانه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت نه‌بن‌و بێگومان دوای تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قۆناغه‌ چه‌ندین پرسی بواری مافی مرۆڤ‌و پێشێلكاری ده‌بنه‌ باسی رۆژانه‌ی هاوڵاتیانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌كه‌ركوك

خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی مافی مرۆڤه‌‌و به‌رپرسیاریه‌تی حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌ كه‌ كاری له‌سه‌ر بكات، دیاره‌ به‌هۆی بارودۆخی سیاسی نێوان ناوه‌ند‌و هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌وه‌نده‌ گرنگی به‌م پرسه‌ نه‌داوه‌ له‌هه‌رێمدا‌و خۆیان به‌ به‌رپرسار نه‌زانیوه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌گرنگمان زانی له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا زانیاری له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌ كۆبكرێته‌وه‌‌و له‌پلانی ساڵانی داهاتوماندا كه‌ركوك بكه‌ینه‌ سه‌نته‌ری چالاكیه‌كان به‌ره‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌و پێیه‌ی كه‌ ئه‌وترێت (كه‌ركوك عێراقێكی بچوكه‌) به‌هۆی بوونی هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئاین‌و كه‌لتوره‌كان‌و به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ئاڵۆزیه‌ سیاسی‌و ململانێكانیش هه‌ر له‌م شاره‌دا به‌رجه‌سته‌ن.

وه‌ك ئه‌زمونێكی سه‌ره‌تایی بۆ زانینی رێژه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌كه‌ركوك له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری په‌نا PANA وه‌ك یه‌كێك له‌ڕێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆو چالاكه‌كانی شاری كه‌ركوك بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌سه‌ر مێینه‌، پلانمان داڕشت بۆ ئه‌نجامدانی 36 كۆبوونه‌وه‌ بۆ ژنان‌و كچانی كه‌ركوك، 12 كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی ناوه‌ندی شارو 24 كۆبوونه‌وه‌ش له‌شارۆچكه‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر به‌ پێی دابه‌شبوونێكی جوگرافی بازنه‌یی به‌ ده‌وری شاره‌كه‌دا.

له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا توانرا 741 ژن كۆبكرێته‌وه‌و له‌باره‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت‌و له‌ڕاپرسیه‌كی سه‌ره‌تاییدا له‌نێوان ئه‌و ژنانه‌و پرسیاركردن له‌باره‌ی ئه‌ندامانی مێنه‌ی خێزانه‌كانیان كه‌ سه‌رجه‌م له‌ 1807 مێینه‌ پێك ئه‌هاتن، به‌پێی راپرسیه‌كه‌ 738 یان خه‌ته‌نه‌كرابوون واته‌ نزیكه‌ی 41%.

هه‌ر له‌و راپرسیه‌ سه‌ره‌تاییه‌دا به‌ڕوونی ده‌ركه‌وت كه‌ رێژه‌ی خه‌ته‌نه‌كردن له‌نێوان دانیشتووانی سونی شافعی كورد‌و عه‌ره‌ب زیاتره‌‌و له‌نێوان شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كاندا‌و زۆرترین رێژه‌ش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌نێو كورده‌كاندا تۆماركراوه‌، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ زۆرترین به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڕه‌ك‌و ناوچه‌ كوردییه‌كان بوون‌و به‌هۆی خراپی بارودۆخی ئاسایشی هه‌ندێك ناوچه‌و گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌ب نشین نه‌توانرا به‌پێی پێویست كۆبوونه‌وه‌یان تێدا ئه‌نجامبدرێت، به‌هیوای ئه‌وه‌ین له‌به‌رنامه‌كانی داهاتووماندا له‌ڕێگه‌ی به‌شداریپێكردنی رێكخراوه‌ عه‌ره‌بی‌و توركومانه‌كانه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌ین.

ره‌حیماوا كه‌ به‌ناوبانگترین گه‌ڕه‌كی كوردنشینه‌ له‌كه‌ركوكدا، به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ی‌ تێدا تۆماركراوه‌‌و تا ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ ئه‌م كاره‌ به‌ سونه‌تێكی ئاینی ئیسلام ئه‌زانن‌و زانیاری ئه‌وتۆیان له‌باره‌ی زیانه‌كانی خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه‌ نییه‌، له‌كۆی 88 مێینه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ 58 یانه‌ خه‌ته‌نه‌كراون واته‌ به‌ڕێژه‌ی 60%، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌دا گه‌ڕه‌كی (حی المنته‌زا) كه‌ عه‌ره‌بنشینه‌ له‌56 ژن‌و كچ ته‌نها 10 یان رووبه‌ڕووی خه‌ته‌نه‌كردن بوونه‌ته‌وه‌ 1.78 %‌و له‌گوندی یایجی‌ ئاوچیشلی توركمان نشین له‌43 ژن‌و كچ كه‌سیان خه‌ته‌نه‌ نه‌كراون‌و ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ كه‌می دیارده‌كه‌ له‌ناو ئه‌و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌دا‌و زۆر جێی خۆشحاڵیه‌ كه‌ رێژه‌كه‌ 0%، به‌ڵام له‌دوبز كه‌ ناوچه‌یه‌كی تێكه‌ڵاوی كورد‌و عه‌ره‌ب‌و توركمانه‌ له‌كۆی 50 ژن‌و كچ 33 یان خه‌ته‌نه‌كراون واته‌ نزیكه‌ی 66%.

دیاره‌ ئه‌م راپرسییه‌ سه‌ره‌تاییه‌ بێ كه‌م‌وكوری نییه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی یه‌كه‌مه‌ بۆ بوونی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستان‌و هیوادارین له‌م رێگه‌یه‌وه‌ بتوانین له‌ده‌رگای ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بده‌ین بۆ چالاك بوونیان له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌دا‌و له‌ساڵانی داهاتووشدا كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق سه‌ره‌كیترین ناوچه‌ی چالاكی ئێمه‌ ئه‌بن له‌كاركردنماندا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌‌و له‌و رووه‌وه‌ چه‌ندین رێكخراوی جیهانی پشتیوانی خۆیان نیشانداوه‌ بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و چالاكیانه‌.

*ڕێكخه‌ری پرۆژه‌كانی WADI له‌عێراق
Advertisements

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s


%d bloggers like this: